Sunday, April 16, 2017

خەریکە بڵێم حەمکۆ لە زۆربەمان باشتر رەخنە دەگرێت


پێدەچێت بەدەر لەخەمی گەورەی حەمکۆ بۆ هونەرو رەخنە سیاسییەکانی و بەرەوپێشچوونی لەو بوارەدا، خەونێکی شاراوە لەناخیدا خۆی حەشاردابێت، ئەوەندەی منیش لێ تێبگەم خەونەکە لەوە گەورەترە کە بەرپرسە گەندەلەکانی حکومەتی هەرێم، بە پۆستێک بێدەنگی بکەن، بەڵێ حمکۆ خەمی خەڵکی کوردستانی لەسەر شانەو دڵنیام گەر ئەوەندەی من ئەو هونەرمەندە بناسم بە ئامانجەکانی دەگات، گەر سیاسییە دووڕوە بێ مەبدەیەکان لە خشتەی نەبەن!.

ئەمە دوا بەرهەمی حەمکۆیە لەسەر زوڵم و غەدری سەر د. فەرهاد پیرباڵ، بێگومان لە زۆربەمان باشتر رەخنە دەگرێت، بەڵام بە کۆمیدیا. 
خاڵی جەوهەری لەم پرسەدا ئەوەیە: دوو مانگێک حەمکۆ بێ بەرهەم بوو، زۆریان گوت حەمکۆ کۆتایی هات، لەکاتێکدا لە نزیکەوە ئاگاداربووم کە بێدەنگییەکەی بەهۆی:
١/ نەبوونی مۆنتێرەوە بوو.
٢/ ئەو مۆنتێرانەی هاوکاریشیان کرد لە ترسی سەکردە باڵاکانی پارتی نەیانتوانی بەردەوام بن.
سەرئەنجام ئێستا حەمکۆ نەک بەردەوامە، بەڵکو خۆی ئامادەکار، دەرهێنەر، کامێڕامان و مۆنتێر و دەنگ و....هتد، یەو هیوادارم ئەوانەی شارەزایی کاری هونەری باشن، سەیری ئەو بەرهەمەی بکەن بزانن لە ئاستی بەرهەمی تیڤییە زەبەلاحەکانی دا نییە؟.

بەهیوای بەردەوامی و هەروەک ئەوانەشی دەیانەوێت بەناوی باڵانسەوە حەمکۆ دژ بە حزبەکان بەکاری بهێنن، تکاکارم ئەو هونەرمەندە گوێیان پێ نەدات، ئاخر کێ حکومەت و کوردستانی کردە گێژاوی گەندەڵی و بەهەدەردان و هەوڵدان بۆ دکتاتۆرییەت، با بە پارە دزراوەکانیان بەرگری لە خۆیان بکەو و حەمکۆش رەخنە کۆمیدییەکانی لەسەر گەندەڵکارو خۆبەزلزانەکانی وڵات چڕ بکاتەوە، بەمەش حەمکۆ دەبێتە ئاوێکی سارد بۆ دەروونی خەڵکی ماندووی کوردستان و دڵنیاشم  گەندەڵکارە زەبەلاحەکانی بودجەو نەوت و داهاتی کوردستان دەتۆقێنێت.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە تکایە ئێرە کلیک بکە

ئەم وتارە لە ماڵپەڕی ئازیزی شەن پرێس و لەم لینکەدا بڵاوکراوەتەوە.

No comments:

Post a Comment