Friday, May 17, 2019

ئۆفەرەکانی شاسوار عەبدولواحید!

ئیبراهیم عەباس

دواکەوتنی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید پەیوەست بوو بەو هەموو تەنازولات و ئۆفەرانەی ناوبراو بۆ سەرکردە باڵاکانی یەکێتی پێشکەش کردو هیچیشیان فریای نەکەوتن، چونکە بێ متمانەیی گەیشتۆتە ئاستێک چیتر سەرکردەکانی یەکێتی بەخۆیەوە نەگرن و ئاماژەکان بۆ ئەوە ئەچن رەنگە لێرە بەدوا لەپەنای ئەو و ئەم سەرکردەی یەکێتی نەتوانێت خەریکی لوعبەو لوعبەکاری بێت.

زانیاری وردو جێگای بڕوام لایە کە شاسوار عەبدولواحید کەسێک ئەنێرێتە لای پاڤێڵ تاڵەبانی و ئۆفەری ئەوەی ئەخاتە بەردەست، ئامادەیە لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوێت بەمەرجێک ستافی نووسینگەکەی کە لای ئاسایش دەستگیرکراون ئازاد بکرێن و ئەو مەلەفە لەدادگا دابخرێت، ئەویش لەبەرامبەردا فراکسیۆنەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەڕلەمانی کوردستان هەڵئەوشێنێتەوە، پەڕلەمانتارەکانی نەوەی نوێ ئەخاتە خزمەتی یەکێتی و nrt هێورئەکاتەوە، بەڵام تاکە وەڵامی پاڤێڵ تاڵەبانی ئەوە بووە، لە بەردەرگای سەرا رێککەوتنی لەگەڵ ئیمزا ئەکات! ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ لێدوانەکەی شاسوار کە وتی کوڕانی تاڵەبانی وەکو مفەوز شەماڵ لە بەردەرگای سەرا هەڵئەواسرێن.


ئۆفەرێکی تری شاسوار عەبدولواحید لەرێگای سروەی خوشکی بووە بۆ د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، کە داوای کردووە کاک بەرهەم ببینێت و لەگەڵیدا بەڵێنی ئەوە ئەدات، فراکسیوۆنی نەوەی نوێ و هەرچی چالاکی حزبیان هەیە لە بەغدا ئەیخەنە خزمەتی یەکێتی و کاک بەرهەم، بەڵام نە داوای بینینەکەی قبوڵ کراوەو نە داواکارییەکانیشی، وەڵامی راشکاوانەی کاک بەرهەم ئەوە بووە ئەو پرسە پەیوەندی بەدادگاو ئاسایشەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوەوە نییە.

دوای هەوڵی شاسوار لەرێگای کەسێکی دەسترۆیشتوی ناو یەکێتی بووە، کە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بووە، بەسروە عەبدولواحیدا هەموو موافەقەیەکی شاسوار بۆ سەرکرەکانی یەکێتی نێردرواوە، تەنانەت سروە داوای کردووە گەر ئەوان متمانەیان بەشاسوار نییە ئامادەیە خۆی هەر جۆرە رێککەوتنێک یەکێتی بیەوێت بەناوی شاسوارەو ئیمزای ئەکات، تەنها لەو پێناوەی ئەو کەیسەی لەدەستی ئاسایش و دادگایە دابخرێت، بەڵام ئەوەش دادی نەداو سەرئەنجام و لەناچاریدا خۆی رادەستی ئاسایش کرد!

بالەوە بگەڕێن کە بپرسین ئەو هەموو تەنازولە گەورەیە بۆچی لەشاسوار عەبدولواحیدەوە ئەکرێت و بۆچیش ئەو هەموو ئۆفەر ئەخاتە بەردەست سەرکردەکانی یەکێتی، بەڵام با پرسیارەکە ئەوە بێت بەراست ئەو کوڕە نازدارەی سلێمانی کە دە ساڵە لە هیچەوە کراوەتە بزنسمان و سەرمایەدارو دواتریش سیاسی و خاوەن حزب، بۆچی ئیتر کەس بەخۆیەوە ناگرێت و کەس بەرگری لێناکات؟! بەراست ئەم دۆخە تاکەی بەردەوام ئەبێت و ئایا سەرئەنجامیش خاترانە تێکەڵی کەیسە ناکرێت و باجی هەڵەو تومەتبەخشینەوە رێکخراوەکانی ئەدات؟!

پرسیارێکی رەواتر، بەراست شاسوار عەبددولواحید بۆ بەتەنها بەجێ ماو لە سرەوەی خوشکی بترازێت بۆچی کەسی بەدورەوە نەماو حزب و فراکسیۆنەکانی پشتیان لێکرد؟ ئەی بەراست بۆ نەپرسین پێشتر گەر رۆژنامەنووسێک ئەگیرا، بەسەدان رۆژنامەنووس و ئازادیخواز و دەزگای راگەیاندن بەرگریان لێ ئەکرد تا ئەو رادەی کەیسەکەی ئەبووە کەیسی خەڵک و رای گشتی؟ و بەم هۆیەوە کەسەکە ئازاد ئەکرا. ئەی خێرە بەرگرییەکی ئەوتۆ لە کاکە شاسواری خاوەنی nrt ناکرێت؟ هەرئەوەندەشنا زۆرن ئەو هاوڕێ و رۆژنامەنووسانەی لەسەر تومەت و ناوزڕاندن  سکاڵایان لەسەر شاسوار تۆمار کردووەو داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەکەن.

ئەی بەراست ئەو هەموو خۆ بەپاڵەوان کردنە لەشاشەی nrt یەعنی چی و ئەو هەموو تەنازلات و ئۆفەر ناردنە لەژێرەوە بۆ یەکێتی لە پێناوی چی؟!

ئەم وتارە لە سایتی شارپرێس و لەم لینکەدا بڵاوکراوەتەوە...

1 comment:

  1. قیادەی کوردی با واز لە شاسوارو ئەو گەنجانە بێنێ با بچێ ئەنجومەنی پارێزگای کرکوک تفعیل بکەنەوەو کورد لە دەست عەرەبی شۆڤێنی ڕزگارکەن.

    ReplyDelete