Friday, October 18, 2019

ئەو پەیامانەی پێویستە لێیان تێبگەین

ئیبراهیم عەباس

دۆخێک کە بووە بەقەدەری کەسانێک کە بەدڵسۆزی کاری خۆیان ئەکەن، هەر ئەو ئاستەنگانە نین کە لە ژیانیدا رووبەروویان ئەبێتەوە، هەر ئەو رێگریانەش نین کە یەک لەدوای یەک بۆی دروست ئەکرێن، بەڵکو قوربانیدانە بە زۆر تایبەتمەندی و زۆر بواری ژیان، بەڵام ناخۆشتر لە هەموو ئەمانەش، هەڵکشان و زیادبوونی قوربانیدانە بەنزیکەکانمان و دەوروبەرمان.
دەمێکە روون بۆتەوە گەر هەر مرۆڤیک بیەوێت لەم کۆمەڵگا شیواوەی کوردستاندا کار بۆ بەرژەوەندی گەورە بکات، ئەبێت ئامادەیی ئەوەشی تێدا بێت باجی گەورە بدات، بەڵام پێشبینی نەکراوبوو ئەو باجە بگاتە ئاستێک خێزانەکەت تیرۆرو ئیبادە بکرێت و شوێنی کارو کۆی کەس و کارکەشت ناچار بە بێدەنگی و سەرکزی بکرێن.
تێگەیشتن لەو رووداوانەی لە دەوروبەرمان ئەگوزەرێن هێندە زەحمەت نین، بەڵام مادەم سیاسەت و حزب بوونەتە ئامانج و ئامرازی ژیان و دەوڵەمەندی و پلەو پایەو ئیمتیاز و ناوبانگی کۆمەڵایەتی، هەموو ئەم دەسکەوتانە بوونە چاوویلکەی تاریکی ئایدۆلۆژیاو ئەوانەی لە حزب و سیاسەت بەهەرەمەندن نەخۆیان ئەیانەوێت هیچ راستییەک ببینن و نە لێ ئەگەڕێن خەڵک راستییەکان ببیستێت، بەڵکو بەپێچەوانە بە یەک ئیعازی حزبی هەرچی راستی هەیە پێچەوانەکەی ئەگاتە کۆمەڵگا و لە ئەنجامدا بەتەواوی کۆمەڵگای ئێمە لەسەر لێشێوایدا ئەهێڵتەوە.
کاتی ئەوەیە هەموو ئەوانەی تا ئەم ساتەوەختە لە پێناوی چاکەو بەرژەوەندی گشتی ئامادەی هەموو قوربانییەک بوون بە خۆیان و ژیان و گیانیان، ئیتر تێبگەن کە ئەو هەر خۆیان نین باجی سەرسەختی خۆیان ئەدەن، بەڵکو خانەوادەکەشیان تیرۆرو ئیبادە ئەکەن و هەموو کەس و کارەکەشیان سەرکز ئەکەن، سەرکزییەک کە کۆمەڵگایەکی تێکشکێنراوتر لەوەی ئێستا بەرهەم ئەهێنێتەوە.
راست مرۆڤ گەر خۆی لەژیاندا بێت و ئیرادەی هەبێت ئەتوانێ زۆر ناراستی هەڵبەستراو لەسەر خۆی لابەرێت بەڵام کەخۆت کرایتە قوربانی خوێنی گەرم لەجەستدا نەما، کێ هەیە راستییەکان وەکو خۆی بە کۆمەڵگا بگەیەنێت؟! کۆمەڵگایەک کە بۆ مووچە و ئیمتیازو پلەو پایە بەشی هەرە زۆری کراوەتە نابینا.
رووداوەکانی دەوروبەرمان پێمان ئەڵێن مرۆڤ ئەشێت بوێری و ئازایەت خۆی بزرنەکات، بەڵام ئازایەتی لەوەش گرنگتر تێگەیشنە لەواقیع. بۆئەوەی نەکرێتە قوربانی واقیع.

No comments:

Post a Comment