Sunday, November 10, 2019

سوارچاکەکانی چاکسازی!

ئیبراهیم عەباس

پرسی چاکسازی وەکو گوتارێکی میدیایی و سۆشێڵ میدیا، لە هەڵکشانێکی زۆر خێرادایەو لەم قۆناغە باشترین کەرەستەیە بۆ ئەم کابینەیە، بەتایبەت بۆ سەرۆک وەزیران تا لە پەنایەوە وێنەی حکومداریەکی باشتر و سەرۆک وەزیرێکی باشتر بەخەڵک بناسێرێت، لە کاتێکدا واقیع شتێکی ترمان پێ ئەڵێت.

لە بنەڕەتدا شیعارەکە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی بوو، مەرجی یەکەمیشیان بوو لە بەشداریکردنی کابینەی نۆیەم، بەڵام هەر زوو ئەم کارتە لەدەستیان دەرهێنراو، سەرۆک وەزیران خۆی کردە خاوەنی.

پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە بەراست چاکسازی کراوە وا هێندە رۆژانە دوپات دەکرێتەوە؟ ئەو چاکسازیانە لە چ بوارێکن و لەپەنای ئەم پرۆسە خەڵک تاچەند سودمەند بووە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە جگە لە وتارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران لە پەیمانگای مێری شتێکی تری ئەوتۆمان لەبەردەست نییە، لە کاتێکدا بەقەولی سەرۆک وەزیران هەموو چاکسازییەکەیان لە دەوامی فەرمانبەران پۆلێن کرد، دەوامی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەدا هەشتا زیاتریان کادری دوو حزبی دەسەڵاتن!

پێدەچێت خۆکردن بە سوارچاکی چاکسازی و ئاڵاهەڵگری چاکسازی، هیچ کردەوەی پێویست نەبێت، بەڵکو تەنها گوتاری میدیایی و سۆشێڵ میدیای هەبێت درووستە.

خۆئەگەرنا لە هیچ بوارێکدا چاکسازییەکی ئەوتۆ نەکراوە بارسوکی بێت بۆ حکومەت و خزمەت بێت بە هاوڵاتی، تا پەنجە مۆری دەستخۆشییان بۆ ئیمزا بکەین.

هەلێک کە مەسرور بارزانی بۆ پاکی و گەورە بوونی خۆی کاری لەسەر ئەکات، پاشاگەردانی سیاسی ناوحزبەکانی ترو خودی پارتی و هەموو کوردستانە، کە ئەوێت لەم نێوەندەدا وێنەیەکی گەورەو جوانی خۆی نمایش بکات، لە کاتێکدا هەرچی گەندەڵی لە کوردستان کراوەو ئەکرێت پشکی شێری لە پەنای پارتی و خودی مەسرور بارزانی کراوەو ئەکرێت، تەنانەت ئەو هەموو پارەی بۆ جوانکردنی خۆی وەکو سوارچاکی چاکسازی ئەیکات، پارەی گەندەڵیی نەوت و بەهەدەردانی بودجەی گشتی وڵاتە.

دەرفەتێکی تر کە خێری گەورەی بۆ سەرۆک وەزیران داوەتەوە، ئەو گەندەڵییە کە لە کابینەکانی پێشخۆی بێ ترس لە میدیا و خەڵک ئەکرا، کە ئەو رێک ئەوەیە کە وتی نیوەی چارەسەری گەندەڵی وەستاندنیەتی، بەڵام چۆن وەستاندنێک؛ وەستاندنی کێ و لە چی؟ ئایا ئەوەی ئەو ناوینا وەستاندنی گەندەڵی شەرعیەتدان نییە بەوەی هەر کەسێک دەسەڵاتی هەبوو گەندەڵی بکات و ئەگەر کەسەکان چیتر بۆیان نەلوا گەندەڵی زیاتر بکەن، دەسکەوتی گەندەڵییەکەیان حەڵاڵ بێت؟!

نامەوێت نا ئومێدانە لە هەنگاوی هیچ کەسێک بڕوانم، بەڵام چاکسازی پرۆسەیەکە بە کەسانێک ئەکرێت کە خۆیان لەبەرەکەتی گەندەڵیدا پێ نەگەیشتبن و بوون مانەوەیان لە گەندەڵبوونی حوکمڕانی کۆمەڵگادا نەبێت، بەڵکو سوارچاکانی چاکسازی یان ئەبێت ویژدان زیندووبن، یان ئەبێت لە خودا بترسن، یان یاسا هەموو شتێکی وڵات بێت.

No comments:

Post a Comment