Tuesday, June 16, 2020

ئیڕهابی فکری پارتی!

ئیبراهیم عەباس

هەڵمەتێکی چڕ لە میدیاکان و سۆشیال میدیای پارتی دژی یەکێتی بەرێوە ئەچێت، هەڵمەتێک کە خاڵییە لە بابەتی بوون و واقیع، بەڵکو جەنگێکی گەورەیە و ئیڕهابێکی ترسناکی فکریە، کارەکتەرەکانی بەڕێوەبەری ئەم ئیڕهابە سامناکە ئەگەرچی لە رووکەشدا پەڕلەمانتارە هەرزەکار و فریودراوەکانی پارتین، چونکە وتارەکان و نووسییەکان بەناوی ئەوانەوە بڵاو ئەرکێنەوە، بەڵام بەدڵنیایەوە تەنها ناو و وێنەکان هی پەڕلەمانتارەکانەو بۆ بەدناوکردن و تووشکردنیانە بە فیتنەو دووبەرەکی، گەرنا نووسینەکان هەموویان یان لانی کەم زۆرینەیان لە سەرۆک و سەرکردە باڵاکانی پارتییەوە شۆڕئەکرێنەوەو ئەوانیش لەو کادرە ئیعلامیانەی پارتییەوە بەدەستیان گەیشتوون کە هێندە سواون کەس قسەکانیان بە فلسیک و سەنتیک ناکڕێت، هەر بۆیە ناچار بەناوی کەسانی تازە دەرکەوتوو بڵاوئەکرێنەوە.

وەنەبێت ئەم جۆرە هەڵماتانە تەنها ئیشی پارتی بێت، بەڵکو حزبی تریش کارکردنیان بەم جۆرە لە ئیرهابی فکری لە دەم و کات و ساتی تردا زۆرە، بەڵام هیچ ئیرهابێک ناتوانێت شان لەشانی ئیرهابی فکری پارتی بدات، چونکە مەرکەزیەتی بوونی قەرار لەناو ئەم حزبە بۆ پەلاماردانی رکابەرانیان هێندە جدی و مەبەستدارە و پارەی تێدا خەرج ئەکرێت، هیچ دەستپارێزیەکی تێدا ناکرێت و ئەوەی هیچ دوژمنێکی کوردو کوردستان جورئەتی وتن و نووسینی نییە، بەرامبەر هیچ کوردێک بیڵێت و بینوسێت ئەوان بێ سڵمینەوە لە بەهای مرۆڤبوون و کوردبوون ئەیکەن.

هەڵمەتی ئیڕهابی فکری ئێستای پارتی لەکات و ساتێکدایە کە حکومەتەکەیان فەشلێکی گەورەی لە ئیدارەو حوکمڕانیدا هێناوەو مایەپووچ و ئیفلاسیان راگەیاندووە، بەڵام بۆ ناشیرینکردنی رکابەرەکەیان کە یەکێتی یەو بۆ چاوشکاندنی کۆمەڵگە، بێ بەهایانە کەوتوونەتە جۆرە لێدوان و نووسینێک کە مرۆڤ شەرم لە بیست و خوێندنەوەیان ئەکات، بۆیە ئەو نەفەسە شەڕاوی و ڕقاوییە هەمووی لەبەر ئەوە نییە کە ئەیانەوێت لایەنی بەرامبەریان بەهەق یان بەناهەق بشکێنن، بەڵکو لەم ڕووە پەیام بە خەڵک و کۆمەڵگا ئەدەن کە گەر کورسی دەسەڵاتیان لەقبێت کوردستان ئەکەن بە گۆمی خوێنێک زەلکاوەکەی بۆ مەودایەکی دوور بەردەوام بێت، بێ ئاگا لەوەی هەرکەسیکی هوشیارو شارەزایی لە مێژووی پارتیدا هەبێت ئەزانێت گەر زلهێزان پشتیان تێکردن، ئاشبەتاڵ و راکردن و کوردستان بەجیهێشتن لایان لە ئاو خواردنەوە ئاسان ترە.

پارتی و یەکێتی هەر جۆرە ئیرهابیکی فکری و جەستەیی بەرامبەر یەکتری بکەن، ئەو زەمەنە رۆیشت لەپانای شەڕی ناوخۆیان میللەت بکەن بەگژ یەکتریدا، بەڵکو ساتەوەخێک هاتۆتە پێش، حزب و سەکردەکانیان هێندە بێ ئابڕۆ بوون، نەک خەڵکیان پێ لە خشتە نابرێت بەڵکو کاغەزی سپی دەستیان ئەخوێنەوە.

No comments:

Post a Comment