Friday, June 19, 2020

قەڵەمی سحری!

ئیبراهیم عەباس

قەڵەمی سحری حەڵقەیەکە لەزنجیرە کارتۆنی ئۆگی، تایبەتە بە قەڵەمێکی سحری کە لە پیرێژنە ساحێرەکە بزر ئەبێت و دەست بێزارکارانی زنجیرە کارتۆنەکە ئەکەوێت.

ئەشێت لە رووکەشدا ئەم زنجیرە هاوشێوەی هەر 195 زنجیرەکە لە نزیکەی دەخولەکدا دەرهێنەر مناڵان و هەموو ئەوانەی سەیری ئەکەن، سەرسوڕماو بکات لە دیمەنەکان، کە چۆن قەڵەمێک ئەکرێتە ئەم کەرەستە سیحری و جادوویە، بەڵام لە ناوەرۆکدا پڕ ماناترین حەلقەی دراماکەیە کە لە پەنای وێنەی کارتۆنی جوڵاوی مناڵان، بیرمان ئەخاتەوە قەڵەمبەدەستان چۆن خەریکی فێڵ و تەڵەکەبازی و ئاستەنگ دروستکردن بۆ ئەوانی ترن، چۆنیش قەڵەمەکەیان بۆ تێکوپێکدادانی بەرامبەریان بەکار ئەهێنن.

ئەم دۆخە بۆ نووسەرو قەڵەمبەدەستی کورد لە ئێستادا لەهەموو ڕاستییەک راسترە، چونکە لە سایەی ئەوان کۆمەڵگای کوردی تا ئاستی سڕینەوەو وێران بوون ئەڕوات، دۆخێک ئەخوڵقێنن کە سڕینەوەو بێ بایەخکردنی ئەوانی تر بەئاسایی ببینرێت و هیچ باکێکیشان بە داهاتوو، تەنانەت بە ئێستاو مێژووش نەبێت.

راستییەکی مێژوویی چەسپاو هەیە،  بۆ هەمیشەش هەر راستە، ئەویش ئەوەیە، ئاراستەکاری باش و خراپی کۆمەڵگە نووسەرو قەڵەمبەدەستانن، هەر ئەوانیش ئەتوانن کۆمەڵگە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر بگوازنەوە، جا گەر قەڵەمفرۆش زۆر بوو وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان مۆدێلە، بەتەمای کۆمەڵگایەکی هوشیار تەندروست نابین، چونکە خەڵک لەژێر کاریگەریان سەر لێشێواو و داماو ئەبێت، وەکو بووە!. 

بەداخەوە.

زنجیرە کارتۆنی ئۆگی، یان ئۆگی و بێزارکاران.

زنجیرە کارتۆنێکی جوڵاوی فەڕەنسییە ( ناوە فەڕەنسیەکە؛ Oggy et les Cafards) بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای (xilam، کیسلام) یەکەم حەلقەی لە 14 ئۆکتۆبەری 1999 بڵاوکراوەتەوە، تا 24 نۆڤەمبەری 2008، 195 زنجیرەی بڵاوکردۆتەوە، ماوەی هەر زنجیرەیەک نزیکەی 10 خولەکە.

ڤیدیۆکە...

No comments:

Post a Comment